رێگەوبانی گەرمیان: سەرەتای ساڵی نوێ رێگەی دووسایدی کەلار – دەربەندیخان دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – دەربەندیخان لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت، 95٪ـی کارەکانی تەواو کراوە.
ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەکە دوو سایدە و هەر سایدێکی 40 کیلۆمەترە و بەگشتی 76 کلیۆمەتری تەواو بووە و تەنیا چوار کیلۆمەتری ماوە".
رێگەی نێوان کەلار و دەربەندیخان 34 پردی تێدایە. بەڕێوەبەری رێگەوبان دەڵێت: "32 پردی رێگەکە تەواو کراون؛ دووانیان بەرزەپردن و ئەوانیش 76٪یان تەواو بوون".
پڕۆژەکە ساڵی 2017 بەردی بناخەی دانرا، خەرجنەکردنی پارە لە کاتی خۆیدا بووە هۆکاری دواکەوتنی تەواوبوونی. عەدنان خەلیل دەڵێت: "بودجەی پڕۆژەکە 138 ملیار دینارە و هیچی ئەوتۆی نەماوە تەواو بکرێت".
بەگوێرەی پلانی بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی گەرمیان، بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ رێگەکە تەواو بکرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو رێگەیەی کە قیرتاوکراوە ئێستا بە رووی شۆفێراندا کراوەتەوە و کارکردن لە رێگەکەش بەردەوامە".
رێگەی کەلار و دەربەندیخان هاوکات رێگەی کەلار و سلێمانییە؛ رۆژانە هەزاران کەس لە دەڤەری گەرمیان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە رێگەکە بەکاردەهێنن و بەهۆی زۆری رووداوەکانی هاتووچۆوە بە رێگەی مەرگ ناونراوە.