پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-12-2024) پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگه‌وبان، بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن و 225 هەزار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی رێگه‌ی نێوان هەولێر - كۆیە كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه".
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پڕۆژەکە لە کەسنەزانی هەولێرەوە دەستپێدەکات، بەشێکی پێش ساڵی 2014 تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، درێژیی رێگەکە نزیکەی 40 كیلۆمەترە و بریتییه‌ لە فراوانكردن و تەواوكردنی قۆناخی یەكەم و دووەمی رێگەکە.
 
پرۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، ، ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا و تاوەکو ئەمڕۆ تەواونەکراوە.