وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".
 
سۆران عومەر لە بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، عێراق لە رۆژی 8-10-2024ـەوە، بڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ ئەوەی بەسەر ئەو تیمانەدا دابەشبکرێت کە کوتانی سوورێژەیان کردووە، "بەڵام هەرێمی کوردستان دابەشی ناکات".
 
لە بەرامبەردا، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەمڕۆ بەڕێز سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە گوایە زیاتر لە دوو مانگە وەزارەتی دارایی عێراق پارەی داوە بە حکومەتی هەرێم بۆ بەشداربووانی هەڵمەتی کوتانی سوورێژە کە لە بەهاری ئەم ساڵ ئەنجامدرا، بەڵام تائێستا پارەکە دابەش نەکراوە. بە پێویستی دەزانین بۆ رای گشتی رایبگەیێنین کە راستەوخۆ دوای تەمویلی ئەم پڕۆژەیە لە مانگی 10ی ئەم ساڵ، حکومەتی هەرێم رەزامەندی داوە و لە رێگەی وەزارەتی دارایی رێکارەکانی دارایی ئەنجام دراوە و پێش چوار رۆژ بڕیاری خەرجکردنی لە وەزارەتی تەندروستی دەرچووە بە نوسراوی ژمارە 31809 لە 18/12/2024".
 
دەشڵێت، "ئیشعاری بانکەکانی پەیوەندیدار کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە کە بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات، هەر بۆ زانین گوژمەی باسکراو بۆ هەموو عێراقە کە هاوشێوەی کوردستان تازە رێکارەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردن نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان. بۆ زانین لە ماوەی رابردوو هەڵمەتێکی فراوانی نیشتمانی کوتان بۆ پێدانی پێکوتەی سوورێژەی تێکەڵاو MMR لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەچوو".
 
هاوکات، سۆران عومەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەڵامی وەزارەتی تەندروستی داوەتەوە و دەڵێت، "کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێم روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و نووسراوێکی بێ ژمارەی بە هامشی واژۆیەکی سەوز بە بەرواری 32-10-2024 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت دەست بە دابەشکردنی پارەی تیمەکانی کوتانی سوورێژە دەکەین".
 
دەشڵێت، "ئەلحەمدولیلا پاش ئاشکراکردنی ئەو بابەتە لە کەناڵی رووداو بەپەلە دەست بە دابەشکردنی دەکەن".