لە رووداوێکی تەقەکردندا لە راپەڕین دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوانیوەڕۆی هەینی، 22ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شارۆچکەی چوارقوڕنە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگادار کرانەوە لە رووداوێکی تەقەکردن کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە لە نێوان دوو لایەندا روویداوە و بەو هۆیە کەسێك دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
لە رووداوەکەدا، کەسێکی دیکەش بریندار بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هەروەها گوتیشی هەردوو کوژراوەکە هەریەکەیان لە لایەنێکی رووداوەکەوەن. دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە دادپزیشکی رانیە، تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و بەمەبەستی زانینی هۆکاری رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەردوو کەسەکە تەقەیان لەیەکدی کردووە و لایەنی سێیەم لە رووداوەکەدا نەبووە؛ ئەوەی دەستپێشخەری کردووە موقەدەمی پێشمەرگەیە و ئەو کاتەی رووداوەکە روویداوە، لە ئەرکدا نەبووە.