وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: رێگەی دووسایدی کۆیە-هەولێر لە پلانی ساڵی داهاتوومانە


رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ توانیویانە ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ تەواو بکەن و خراونەتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە، بە گشتی پرۆژەکان دەکەونە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-12-2021 ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2021 توانراوە 26 پڕۆژەی رێگەوبان تەواو بکرێت و بخرێنە خزمەت بەکارهێنەران لە هەرێمی کوردستان، تێچووی پرۆژەکانیش 413 ملیار و 607 ملیۆن دیناری عێراقی بوون.
 
ئاگرین عەبدوڵڵا، دەڵێت، "130 پڕۆژەی فەرمی لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندان، لەو ژمارەیە 45 پڕۆژە لە پاکتاوی داراییدان، 10 پرۆژە گرێبەستەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، ئەو پرۆژانەی کە بە فەرمی لە ژێر جێبەجێکردندان 66 شەش پڕۆژەی رێگەوبانن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، "کۆی ئەو 66 پڕۆژەیەی رێگەوبان گرێبەستیان هەیە و بەڵێندەر وەریگرتوون، هەروەها رەزامەندیی گشتیی پارەیان بۆ دەرچووە، بەڵام پێویستی بە پارەی کاشە، تاوەکو پارەی کاش نەبێت بەڵێندەرەکان ناتوانن کارەکانیان تەواو بکەن، کۆمپانیاکانیش پارەی کاشیان بۆ دابین نەکرێت لە بانکەکان ناتوانن کاری تێدا بکەن، بۆیە ئەو پرۆژانەی کە کارکردن تیایاندا بەردەوامە ئەوانەن کە پارەی کاشیان بۆ تەرخان کراوە."
 
سەبارەت بە دابەشکردنی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکاندا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەی خستەڕوو، هەر پارێزگایەک بەپێی ئەو بودجەیەی بۆی پێکهێنراوە پرۆژەی تێدا جێبەجێکراوە، پارێزگای هەولێر 34% بودجەکە پێکدەهێنێت، دهۆک و ئیدارەی زاخۆ %23، سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین %43 پێکدەهێنێت.
 
ئەمساڵ کۆمەڵێک پرۆژەی گەورە تەواو کراون ئەوانەی کەوتوونەتە سنووری پارێزگای هەولێر بریتین لە رێگەی هەولێر-گۆپاڵ، تونێلی پیرمام و رێگە بەستەرەوەکانی، هەروەها پردی گۆپاڵ کە هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەگوتەی بریکارەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ساڵانی رابردووش زۆرترین پڕۆژە کە تەواوبووبێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆک بوون.
 
لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە کە ماوەی هەفتەیەکە دەستبەکار بووە، هەردوو بریکارەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دوو بەڕێوەبەری گشتی، راوێژکارەکان و بەرپرسی بەشی پلان لە دیوانی وەزارەت لە لیژنەکەدان. بە راوێژ لەگەڵ هەموو پارێزگەکان، ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە، پلانی ساڵی 2022 دادەنێن.
 
ئاگرین عەبدوڵڵا، باسی لەوەکرد "فۆکەسی سەرەکیمان لەسەر چەند پرۆژەیەکی گرنگ دەبێت کە پێشتر وەستێندرابوون، هەوڵدەدەین لە ساڵی داهاتوو تەواویان بکەین، لەوانە رێگەی هەولێر-کۆیە کە پێنج قۆناغە، قۆناغی پێنجەمیان تونێلی هەیبەت سوڵتانە کە رێگەی سەرەکیی نێوان پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانە، جگە لەوانە دەمانەوێت ساڵی داهاتوو بەشێک لە رێگە سەرەکییەکان نۆژەنبکەینەوە، بۆ ئەوەش پێویستمان بە 40 ملیار دینارە."