سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: دەستبەجێ تیمی رووداو ئازاد بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان سەرکۆنەی دەستگیرکردنی تیمی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لەکاتێکدا لە مەخموور خەریکی رووماڵ بوون.
ئەمڕۆ هەینی، بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.
رۆژی هەینی، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەركۆنەی هەڵسوكەوتی هێزی ئەمنی عێراق دەکەین بەهۆی دەستگیركردنی پەیامنێر و كامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو."
ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنیی عێراق لە بازگەی مەخموور رێگرییان لە هاتووچۆی هاووڵاتییان کرد و تۆڕی میدیایی رووداو دەنگی خەڵکی دەگەیاند.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت: "لەو كاتەدا تیمی پەیامنێر و كامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو كاری ئاسایی رۆژنامەنووسی خۆیان بە رووماڵكردنی ئەو رێگرییەی هێزەكانی ئەمنی مەخموورییان دەكرد. لەناكاو و بێ هیچ پاساوێك تیمەكەی رووداو دەست بەسەر دەكەن."
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان وێڕای ئەوەی سەركۆنەی ئەو پێشێلكارییەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بازگەی مەخموور دەكات، "هاوكات داوای دەستبەجێی ئازادكردنیان و پاراستنی سەلامەتییان دەکات."
لە لایەکی دیکە، رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لەبارەی دەستگیرکردنی تیمەکەی رووداو لە مەخموور رایگەیاند، "دەبێ بەزووترین کات، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر هێڵ و رێگە لەم پێشێلکارییە بگرن".
دەشڵێت، ئەم رووداوانە "مەترسی لەسەر ژیان و کاری راگەیاندن دروست دەکات و دەیانەوێت لە رێگەی قۆڵبەستکردن و تانەلێدان لە میدیا کوردییەکان، گیانی پەیامنێرانمان بخەنە ژێر مەترسیەوە، بۆیە داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار بەپەلە گوشار بخەنە سەر ئەو هێزە عێراقییە و هەردوو رۆژنامەنووس بەختیار قادر و ئیبراهیم عەدنان ئازاد بکەن".