خوێندکارێک کە داوای دەرماڵە دەکات: بەهۆی بێپارەییەوە دوو مانگە نەچووینەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە مانگرتنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بۆ وەرگرتنی دەرماڵەی خوێندن دەستیپێکردووە، لە ئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت دیمەنی برینداربوونی زریانی 19 ساڵانە، لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ 22-11-2021ـی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، دوای بێهۆشبوونی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، پزیشکەکانی دەڵێن، برینەکەی سووکە و رەوانەی ماڵەوە کراوە.
زریان دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە و ئەمساڵ لە قۆناخی یەکەمی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی بەشی باخچەی ساوایانە لە زانکۆی سلێمانی، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاران، رووخساری بریندار دەبێت و دەڵێت، برینەکەم رووخساری شێواندووم.
بانو جەمال، خوێندکارێکی دیکەیە لە هەڵەبجە و دەڵێت، داوا دەکەن دەرماڵەیان پێبدرێت، چونکە زۆر پێویستیانە بەو پارەیە هەیە "جاری واهەیە لەبەر بێ پارەیی بە دوو مانگ ناڕۆینەوە ماڵەوە".
دەروون بەرزان، خوێندکارێکی دیکەیە لە گەرمیان و دەڵێت، "دووبارە داوادەکەین کە دەرماڵەمان بدەنێ، چونکە زەرووین و کەس بەدەم داواکانمانەوە نایە هیوادارین زوو بۆمانی چارەکەن، گەرنا هەر بەردەوام دەبین لە بایکۆت".
لە ساڵی 2014 و دوای قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پێدانی دەرماڵە لە زانکۆ و پەیمانگەکان راگیراوە.
د. ئالان فەرەیدوون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت، "ئازاردانی خوێندکار و رووبەڕووبوونەوەیان قبووڵناکەین و تەلەبە لای ئێمە موقدەسە، داوامان کردووە کە بۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە ژمارەیان 134 هەزار و 694 خوێندکارە لە ساڵی رابردووەوە و داوای سی و پێنج ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی کراوە".
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پشتیوانیی لە داوا رەواکانتان دەکەین و دژی هەر تووندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت، پەیام و داواکارییەکانی ئێوەمان گەیاندووەتە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی".