کەسێک لە سلێمانی بەناوی نووسینگەی خانووبەرە نزیکەی 50 دەفتەر دۆلاری بردووە و رایکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە سلێمانی خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرە نزیکەی 500 هەزار دۆلاری خەڵکی بردووە و هەڵاتووە، بەڵام لە کەرکووک دەستگیرکراوە. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "هاوئاهەنگی لەگەڵ دادگەی کەرکووک کراوە رەوانەی سلێمانی دەکرێتەوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2024، هەژار عومەر حوسێنی، کە یەکێکە لەو کەسانەی پارەی بەم نووسینگەیە داوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەسێک لە گەڕەکی راپەرین لە سلێمانی نووسینگەی خانووبەرەی هەبوو، نزیکەی 50 دەفتەری لە زیاتر لە 40 کەس بردووە و لە 12ی ئەم مانگەوە رایکردووە، جگە لەو پارەی کە بردوویەتی، بەبێ مۆڵەتی شارەوانی خانووەکانمانی رووخاندووە و بەجێی هێشتوون کە ئەمە بووەتە هۆی سزای دارایی لەسەر ئێمە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "پۆلیسی کەرکووک پێیان گوتووین لەسەر ئەم بابەتە لە سلێمانی سکاڵا تۆماربکەین، نزیکەی 15 سکاڵامان تۆمارکردووە، بەڵام تائێستا دۆسیەکە نەکراوەتەوە."
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم تاوانبارە لە کەرکووک پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاکان بووە، بەبێ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە یان خانەنشین بێت هەڵاتووە، لەسەر ئەمە لای ئێمە دەستگیرکرا بوو، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە 20-2-2024 سزای 7 ساڵ زیندانی درا، لەسەر دوو تاوان یەکەمیان دوو ساڵ بەهۆی نەگەڕاندنەوەی ناسنامەی پۆلیسی، 5 ساڵ بەهۆی راکرن لە کاتێکدا پۆلیس بووە، لە 16ی تشرینی یەکەمی 2024، لای ئێمە دەستگیرکراوە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: "لەسەر بابەتی بردنی پارەکە دەبێت لە دادگەی سلێمانی داوا بکرێت بۆ گەڕانەوی و کردنەوەی ئەم دۆسیەیە، تاوەکو رەوانەی سلێمانی بکرێت."
هەروەها سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دادگەی مەدەنیی سلێمانی لەگەڵ دادگەی کەرکووک هاوئاهەنگیی کردووە، داوایکردووە کە تاوانبار ئازاد نەکرێت و بنێردرێت بۆ سلێمانی تاوەکو لەسەر ئەم بابەتە دادگەیی بکرێت."
ئەو کەسە ناوی ( ع. ج. ن.)ـە و لە دایکبووی ساڵی 1977ـە، دانیشتووی شاری سلێمانیە، عەرەبە و خەڵکی بەغدایە.