لە زاخۆ پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە سنووری قەزای باتیفا، پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " دوێنێ دووشەممە، 21ی تشرینی یەکەم، کاژێر 6:30ی شەو لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گوندی زرێزەی سنووری قەزای باتیفا پیاوێک لە ناو باخەکەی خۆیدا کوژرا."
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی: "کوژراوەکە ناوی (ع. ی. ئـ) تەمەن 70 ساڵە، لەناو باخەکەی خۆیدا کوژرا، خێزانەکەی و برای خێزانەکەشی لەوێ بوون، تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە."
ئەحمەد رەمەزان گوتی، ئێستا تیمەکانی نەهێشتنی تاوانی باتیفا و بنکەی پۆلیسی بێگۆڤا، بەپێی مادەی 405 یاسای سزادان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە؛ "شوێنی چوار گولـلە بەسەر جەستەی کوژراوەوەیە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کراوە."