مامۆستایانی وانەبێژ یەکەم مووچەی بە گرێبەستکردنیان وەردەگرن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، ئەگەر مووچە بکرێتە چەک، هەر ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ یەکەم مووچەی بە گرێبەستکردنیان وەردەگرن. ئەوە لەکاتێکدایە، 17ی تشریی یەکەم، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوێنێ دووشەممە پشوو بوو، نەکرایە چەک و ئەمڕۆ دەکرێت، هەر پەروەردەیەک رێکارەکان زوو تەواو بکات هەر ئەمڕۆ مووچەی مانگی 9 ی مامۆستایانی گرێبەست دابەشدەکرێت."
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "تەنیا مووچەی مانگی ئەیلوول ئەم کێشەیەی بۆ دروستبوو ئەویش بەهۆی پشووی دوێنێ بوو، بەڵام مانگەکانی دیکە ئەم کێشان نامێنێت و مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ میلاکی وەزارەت رێکدەبێتەوە و دابەشدەکرێت.
ئەو مامۆستایانە شایستەی دارایی مانگەکانی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە. کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی: "دوای مووچەی مانگی 9، شایستە داراییەکانی ئەو دوو مانگە بەیەکەوە دابەشدەکرێت."
نوێنەری وانەبێژان ئاماژەی بەوەدا ئێستا مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆتایی مامەڵەی گرێبەستبووندان لە پەروەردەکان، دوای تەواوبوونیان راستەخۆ لە بانکەکان بایۆمەتری، UPN یان بۆ دەکرێت.
لە 2ی تشرینی یەکەم، رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیانپێکرد؛ 5 رۆژ دواتر لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەستیپێکرد.
25ـی ئابی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست. کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 500 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار کەسن، دوای بە گرێبەستکردنیان بۆ مووچە مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار و 200 ملیۆن دینار دەبێت.