کشتوکاڵی ئامێدی: ئەم ساڵ 250 تۆن برنج و 241 تۆن کونجی بەرهەمدەهێنین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی کونجی و برنج لە سنوورەکەیان زیادیکردووە، بەڵام نرخەکەی جێگیرە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2024) هەکار حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بەرهەمی کونجی و برنج لە سنووری ئامێدی زیادکردووە، بە گشتی ئەم ساڵ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سنووری ئامێدی زیادیانکردووە، لەکاتێکدا پار بەهۆی سەرمای مانگی ئادار هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی لە سنوورەکەمان کەمیکردبوو، لەنێویاندا خۆخ و هەڵووژە."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی گوتی، " ئەم ساڵ نزیکەی 600 دۆنم لە سنووری ئامێدی بە برنج دەچێنرێت، دوای ئەوەی دەبرێت بۆ ئاش، 250 بۆ 260 تۆن بەرهەممان دەبێت، هەروەها نزیکەی 650 دۆنم زەویش کونجیی لێ دەچێنرێت، هەر دۆنمێک 403 کیلۆ بەرهەمی کونجی دەبێت، بە کۆی گشتی نزیکەی 241 تۆن بەرهەمی کونجیمان دەبێت."
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی تەحین، هەکار حەمید ئامێدی گوتی، "تەحین، یەکێکە لە بەرهەمە بەنێوبانگەکانی ئامێدی و نزیکەی 30 ئاشی تەحین هەن."
 
ئەو هەروەها دەڵێ بەرهەمی تەحین ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێت و خواست لەسەری زیاد دەبێت، "پار، فێستیڤاڵی تەحین لە مانگی 11 سازکرا، بۆ ئەم ساڵیش فێستیڤاڵەکە دەکرێت بەڵام لە دوای وەرزی باران بارین، کاتەکەی جارێ دیاری نەکراوە."
 
لە ساڵی 2022 جگە لە فرۆشی ناوخۆ، زیاتر لە 150 تۆن تەحین هەناردەی وڵاتان کرابوو.