دوای پەروێزخان و باشماخ، ئێران ڤیزا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هەڵدەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەوە هەموو ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و کارتی ڤاکسینیان هەیە، دەتوانن بە بێ ڤیزا بچنە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. پێشتریش ئێران ڤیزای لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لەسەر هاووڵاتییان و هاونیشتمانییانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵگرتبوو.
سالار تەحسین، بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ شەممە 22-10-2022، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە لە رۆژی یەکشەممە 23-10-2022وەوە بەشێوەی فەرمی ڤیزا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ھەڵدەگیرێت.
بەرپرسی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران دەڵێت، هەر گەشتیارێک نیازی بە گەشتکردنی هەبێت، بە مەرجی ئەوەی کە ھەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت و ماوەکەی لە شەش مانگ کەمتر نەبیت بۆ بەسەرچوونی. هەروەها کارتی ڤاکسینی دوو ژەمی کۆرۆنا ( ڤیزە کارت) یان بڕوانامەی پشکنینی نێگەتیڤی ڤایرۆسی کۆرۆنا (PCR)ـی ھەبێت، دەتوانێت لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەشت بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکات.
هەڵگرتنی ڤیزا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە کاتێکدایە کە پێشتر لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان ڤیزای ئێران لەسەر هاووڵاتییان و هاونیشتمانییانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵگیرابوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ کە رۆژی 18-10-2022 بڵاوکراوەتەوە، لەو بەروارەوە گەشتیاران دەتوانن بەبێ ڤیزا سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، بەڵام مەرجە کە سەردانیکاران کارتی وەرگرتنی هەردوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا یان پشکنینی جۆری (PCR)یان پێبێت کە لە نەخۆشخانەیەکی باوەڕپێکراو ئەنجامیان دابێت.
هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کە رۆژی 17-10-2022 بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسانی دەروازەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە لەو بەروارەوە ڤیزا لەسەر هاووڵاتییان و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان هەڵدەگرن.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو، "ئەو بڕیارە ئەو شۆفێرانەش دەگرێتەوە کە لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە بە تانکەر پاشماوەی نەوت بۆ وڵاتی ئێران دەگوازنەوە، واتە لەمەودوا ئەوانیش دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بارەکانیان ببەن بۆ وڵاتی ئێران."