گالەری


سەیرانگە و تاڤگەی سیپە لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لەو سەیرانگەیانەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزیش، هێشتا رۆژانە سەدان گەشتیار رووی تێدەکەن.
 
سەیرانگەی سیپە، دەکەوێتە نێو قەزای ئاکرێ. ئاوی تاڤگەی سیپە لە(كانی زەرگ)ـەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر وەرزە و جوانییەکی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەو گەشتیارانەی لە وەرزی پاییز سەردانی دەکەن چێژ لە دیمەنی ناوازە و رەنگینی سرووشتی تاڤگەکە وەردەگرن.
 
مێڤان ئاکرێی کە گەنجێکی تەمەن 31 ساڵە دەڵێت: "هەموو ئێوارەیەک سەردانی ئەو تاڤگەیە دەکەم، جگە لە خەڵکی ئاکرێ رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە هەموو شارەکانی کوردستان و عێراق سەردانی دەکەن، هەڵبەتە گەشتیاران جیا لەوەی چێژ لە دیمەنە جوانەکانی ئەم تاڤگەیە دەبینن، هاوکات هۆگری خواردنی کوردەواری و قەلیە و برنجی کوردیی ئاکرێ بوون و بەبێ خواردنی ئەمانە ناگەڕێنەوە".
 
مێڤان ئاکرێی گلەیی لەبچووکی شوێنەکە هەیە و دەڵێت" ئەگەر حکومەت شوێنەکەی تاڤگەی سیپە فراوانتر بکات، خەڵکی ناوچەکە زیاتر سوودمەند دەبن و گەشتیارانیش زیاتر چێژ لە سەیرانگەی سیپە دەبینن".