تازە زاوایەک خانووی ماڵە خەزوورانی دەفرۆشێت؛ ئێستا نە بووک دیارە و نە پارە

 
رووداو دیجیتاڵ

شووکردنی کچێکی 20 ساڵی بنەماڵەیەک، لەجیاتی ئەوەی ماڵێک ئاوەدان بکاتەوە، ماڵی باوکیشی تێکدا، کچەکە شووی بە کوڕە پووری کردووە، خەزوور و زاوا رێککەوتوون دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ یەکدی بژین، بەڵام دوای مانگێک بە رەزامەندیی ماڵی خەزووری، زاواکە خانووەکەی بۆ فرۆشتوون و پێی گوتوون شوقەیەکم بۆ کڕیون، دواتریش دەرکەوتووە شوقەکە کرێیە.
 
ئێستا پارەی خانووەکە و بووک و زاواش دیارنین، خەسوو و خەزووریش بێ ماڵ و حاڵن و لەسەر شەقام و هەندێکجاریش لە ماڵی خەڵک رۆژ دەکەنەوە.
 
ئیمان ئیبراهیم، دایکی بووک بە گریانەوە باسی لەوە کرد، ئەوان بێ خانوون، نە پارەیان هەیە خانووەیەک بە کرێ بگرن و نە پارەشیان هەیە بۆ کڕینی دەرمان و هاتووچۆ کردن.
 
دوای رووداوەکە خەزووری کوڕەکە جەڵتەی مێشک لێیداوە و لایەکی جەستەیی لەکارخستووە، ئێستاش لە ماڵی دراوسێکەیان دەمێننەوە و هیچ داهاتێکیان نییە.
 
شەریف عەبدولڕەحمان، باوکی بووک ئاماژە بەوە دەکات، خزم و کەسوکاری هاوکارییان دەکەن، هاوکارییەکەش رۆژ و دوان نییە و شەرم دەکات کە ناتوانێت کارێک بکات و خانووەیەک بە کرێ بگرێت.
 
جەلال سەلوان، باوکی زاوا گلەیی لە هاوسەرگیریی کوڕەکەی هەیە و دەڵێت، پێش دوو مانگ ماڵی بووک کچەکەی خۆیان لە کوڕەکەیان مارە کردووە بەبێ ئاگاداریی ئەوان.
 
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ماڵی بووکەوە، زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی سێمێل بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ زاوا دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.
 
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019 لە دهۆک 42 هەزار و 987 کێشە و مامەڵەی کۆمەڵایەتی چوونەتە دادگا.