پۆلیسی سلێمانی: ژەنەراڵی پاییز خۆی خنکاند
رووداو - سلێمانی
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، محەممەد عومەر عوسمان، شاعیری دیاری کورد ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی خۆی خنکاند.
محەمەد عومەر عوسمان لەساڵی 1957 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
هەر لەسەرەتای لاوی دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە لە ساڵی 1975 دەستی کردووە بەنوسینی شیعر. بەهۆی ئەوەی شیعرەکانی تایبەتن بە پایز و خەزان، ناسراوە بە ژەنەراڵی پاییز.
محمد عومەر عوسمان کۆی بەرهەمەکانی لە دیوانێکدا بە ناوی "لە غوربەتا" بڵاوکردووەتەوە.
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد عومەر عوسمان بەتەلەفون بە براکەی گوتووە بێتاقەتە، براکەشی چووە بۆ سەردانی و دەبینێت بە وایەرێک خۆی هەڵواسیوە. دوای ئەوەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و لەوێ گیانی لەدەستداوە.