بەهۆی ئاگرەوە 15 دۆنم پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی لە سیتەک سووتا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەوە لە ناحیەی سیتەک لە پارێزگای سلێمانی، 15 دۆنم زەوی پووش و پاوان و دارستانی سرووشتی سووتان.
هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە لە گوندی بزەینان بووە لە سنووری سیتەک و زیانی گیانی نەبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانیان بە هاوکاریی دانیشتووانی سنوورەکە، ئەمڕۆ توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری ئەم ساڵی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دیاری نەکراون، بەڵام لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، 407 ئاگر لە سنوورەکە کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە جگە لە زیانە مادییەکان، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەرگریی شارستانیی دهۆک رایگەیاندووە، لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا 791 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکە تۆمارکراون و بەهۆیانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.