دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان خێرا دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاوخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆ لە مێرگەسۆر، پێنجوێن و خورماڵ دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوول ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند رۆژێک بوو دابەشکردنی نەوت لە قەزاکانی سیدەکان و چۆمان بەردەوام بوو. ئەمڕۆ دابەشکردن لە قەزای مێرگەسۆریش دەستیپێکرد."
 
هەر ئەمڕۆ لە ناحیەکانی بارزان و شێروان مەزن و گوندەکانیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەوتی سپی دابەش دەکرێت.
 
لە پارێزگای سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوامە. بەرپرسێک لە نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای دابەشکردنی نەوت لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کە بەردەوامە، ئەمڕۆ لە قەزای پێنجوێنیش نەوت دابەش دەکرێت.
 
لە سنووری هەڵەبجەش دابەشکردنی نەوت بەردەوامە. ئاوات محەممەد، سکرتێری قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "چەند رۆژێکە دابەشکردن لە تەوێڵە و بیارە بەردەوامە و ئەمڕۆش لە خورماڵ دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات".
 
دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک لە 12ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کانی ماسێ، بێگۆڤا، باتیفا و چەند ناوچەیەکی دیکە لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەشکردنی نەوت بەردەوامە.
 
نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەرمیلی 100 هەزار دینارە و 3 هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر و بە 104 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانیان.
 
ساڵی رابردوو بە هەمان شێواز و نرخ، نەوتی سپی درایە هاونیشتمانیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
 
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.