رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانكۆی سەلاحەدین رایدەگەیێنێت، بەکارهێنانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق باشترە.
د. سیراج محەممەد، سەرۆكی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانكۆی سەلاحەدین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی باش پڕۆژەی وزەی پاک جێبەجێ کراون. لە زانکۆی دهۆک نزیکەی دوو مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنرێت. لە نەخۆشخانەی تارین نزیکەی 150 کیلۆوات بەرهەم دەهێنرێت. لە وێستگەی رووناکیی گەرمیان نزیکەی 190 مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت."
سەرۆكی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانكۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوە دا، بەکارهێنانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستاندا وەک پێویست نییە، بەڵام لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق باشترە.
بەگوتەی د. سیراج محەممەد، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کارێکی باشیان کردووە کە دووانۆکسیدی کاربوون کەم بکەنەوە و سوود لە وزەی پاک وەربگرن.
هەر وڵاتێک بیەوێت سوود لە وزەی پاک وەربگرێت، دەبێت پارەیەکی زۆر باشی بۆ خەرج بکات. ئێستا لە هەرێمی کورستان پڕۆژەی باش کراوە، هەرچەندە بچووکن و ناتوانن کارەبای گشتی دابین بکەن.
سەرۆكی بەشی زانست و تەندروستی و ژینگە لە زانكۆی سەلاحەدین گوتی: "لە هەرێمی کوردستان دەتوانرێت بۆ کارەبا بە رێژەیەکی زۆر سوود لە وزەی خۆر وەربگیردرێت، چونکە رووبەری بەرکەوتنی خۆر زۆر باشە."
د. سیراج محەممەد گوتیشی: "ئێمە دەتوانین بە رێژەیەکی زۆر سوود لە کارەبای وزەی خۆر وەربگرین، دوای ئەویش دەتوانین لە رێگەی بەنداوەوە کارەبا بەرهەم بهێنین، هەرچەندە ئێستا ئاو کەم بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانرێت لە چەند شوێنێکی دیکە سوود لە لافاو وەربگرین و بەنداوی بۆ دروست بکەین بۆ ئەوەی کارەبای لێ بەرهەم بهێنین."
ئەو سەرۆکبەشەی زانکۆی سەلاحەدین باسی لەوە کرد، دانانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە بۆ ماڵان تێچووی زۆرە و کەم کەس دەتوانێت ئەوە بکات، چونکە ئەگەر لە ماڵدا بتەوێت کارەبای پێویستت لە خۆرەوە دەست بکەوێت، دەبێت سێ بۆ پێنج هەزار دۆلاری تێدا خەرج بکەیت.
د. سیراج باسی لەوەیش کرد، چین لە هەموو وڵاتێک زیاتر سوود لە وزەی خۆر وەردەگرێت کە مەزەندە دەکرێت لە 2025ـدا 30٪ـی ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت لە رێگەی وزەی خۆرەوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ