بەرپرسانی كورد كەموكوڕی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرادەكەن
رووداو- وۆڵ ستریت جۆرناڵ
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی باسی راهێنانی هێزی پێشمەرگە دەكات لەلایەن هاوپەیمانانی كورد وەك فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریكا و دەڵێت: وەزارەتی پێشمەرگە بووە بە سەنتەری هێرشكردنە سەر گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش.
رۆژنامەكە دەڵێت لە یەك مانگی رابردوودا راوێژكارە سەربازییەكانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریكا خەریكی راهێنانن بە هێزی پێشمەرگە لە چەند بنكەیەكی سەربازی لە نزیكی هەولێر و دەشڵێ "هێزی پێشمەرگە كەموكوڕی زۆری تێدایە".
بورهان سەعید سۆفی، فەرماندەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رۆژنامەكەی گوتووە: "ئێمە پێویستمان بە هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەیە، بەڵام لەو هێزە ریفۆرم نەكراوە، چونكە باردودۆخەكە لە بەرژەوەندی گرووپێكی بچووكدایە. لەسەرەوە سەیری بكەیت هێزێكی باشە، بەڵام لە ژێرەوە كارەساتە".
ئەڵمانیا كۆتایی ئەم مانگە ژمارەیەك ئەفسەری هێزی پێشمەرگە دەباتە بنكەیەكی سەربازی لە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبكات، كە چۆن چەكی دژە تانكی میلان بەكاربێنن.
لە یەكێك لەو شوێنانە فەرەنسییەكان خەریكی راهێنانن بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی چەكی قورس بەكاربێنن و ئەمریكییەكانیش وەكو رێكخەری گشتی راهێنانەكان كار دەكەن.
بەشێك لە پلانی راهێنان بە هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەیە ئەو هێزە كە زیاتر شارەزایی هەیە لە شەڕی پارتیزانی ببێت بە هێزێكی سوپایی رێكخراو.
سەعدی ئەحمەد پیرە بە رۆژنامەكەی گوتووە:"راهێنان باشە، بەڵام دەبێت بەرفراوان بكرێت. مێژووی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ هێزێكی پارتیزانی، بەڵام ئێمە دەبێت فێربین چۆن شارەكان كۆنترۆڵ بكەین و دژی داعش شەڕ بكەین".
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت : "وەك حكومەت ئەو راهێنانەیان پێخۆشە، بەڵام ئەگەر هێزی پێشمەرگە وەك سوپای عێراق پارە و راهێنانی پێدەكرا لە سەرەتاوە، بارودۆخەكە جۆرێكی دیكە دەبوو".
لە كۆتایی راپۆرتەكەدا باسی هەیكەلی هێزی پێشمەرگە دەكات و باسی چەند كێشەیەكی ناو ئەو هێزە دەكات، لەوانە "گەندەڵی بەرفراوان و خزمخزمێنە". ئەو رۆژنامە لە زاری بەرپرسە كوردەكانەوە دەڵێت:" پلە باڵاكان (لەناو هێزی پێشمەرگە) ماوەیەكی زۆرە دەفرۆشرێن و لەهەمانكاتیشدا هەزاران پێشمەرگەی بندیوار هەن، كە پارە وەردەگرن لەبەرامبەر وەفای سیاسی".