مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان تاوتوێی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و ستایشی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان دووپات کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی گشتیی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە. ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان: "له کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و سووریا و هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش و تیرۆر تاووتوێ کرا."
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و "پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان دووپات کردەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان، جەختی لە گرنگیی هاوبەشی و بەهاداریی خەباتی پێکەوەیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە."
"پێشکەوتنەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو." حکومەتی هەرێمی کوردستان وای گوت.