سەدام بۆ بارزانی و تاڵەبانی: خۆتان تێکەڵی دوژمنان مەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا، شاندێکی پێنتاگۆن بۆ هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، کۆڵۆنێل واڵتەر مایر، هاوئاهەنگیکاری پێنتاگۆن بووە لەگەڵ پارتی، کۆڵۆنێل تۆڤیش لەگەڵ یەکێتی.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا بەناوی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ واڵتەر مایر، کۆڵۆنێلەکە پەیامی وڵاتەکەی بەمشێوەیە گەیاند:
 
- رێگە بە تورکیا نادەین بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان
- لە کاتی شەڕەکەدا نابێت پێشمەرگە بچنە نێو کەرکووک و موسڵ. (دیارە ئەمە داوای تورکیایە
- کۆلۆنێل واڵتر مایر دەبێتە حاکمی کاتی سەربازیی مووسڵ.
- هەڵسوکەوتی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی "بەسەرهاتێکی سەیر" لەگەڵ کۆڵۆنێلە ئەمریکییەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: " کۆڵۆنێل واڵتەر مایر گوتی، هەزار ماسکی دژە کیمیاییمان هێناوە بۆ خێزانەکانتان و سەرکردایەتی."
 
بارزانی دەڵێت: "بەو قسەیە زۆر تووڕە بووم، پێمگوت ئەوانەش بۆ خۆتان ببەنەوە، ئەگەر چەکی کیمیایی بەکارهێندرا و گەلەکەمان قڕ بوون، یان کوژران، بۆچی ئێمە زیندوو بین؟".
 
هەر لە کتێبەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی، باسی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دەکات، کە لە 20-03-2003 دەستیپێکرد، سەرەتا ئەمریکییەکان دوایین هۆشداریان بە سەدام حوسێن دا، بەڵام سەدام گوێی بە هۆشدارییەکان نەدا، دواتر ئەمریکییەکان خانووێکیان بۆردوومان کرد، گوایە سەدام حوسێن لەوێیە، بەڵام دەرکەوت لەوێ نەبوو. 
 
سەرۆک بارزانی باسی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و دەڵێت: "شەوی 22 لەسەر 23ی ئاداری 2003 فرۆکەیەکی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی هەریر نیشتەوە، بڕێک چەک و تەقەمەنی بۆ هێنابووین، بڕیار بوو لە ماوەی سێ شەوی داهاتوودا چەند فڕۆکەیەک بگەنە فڕۆکەخانەی هەریر و سێ فڕۆکەش بچنە سلێمانی، بەڵام نە ژمارە و نە جۆری چەکەکان ئەوە بوون کە بەڵێنیان پێدابووین، دیار بوو گوشارێکی زۆری دەوڵەتانی هەرێمیان لەسەر بوو."
 
ئەو چەک و تەقەمەنیانەی بە پێشمەرگە دران، وەک بارزانی ئاماژەی پێداوە، بریتی بوون لە 480 کلاشینکۆف، 16 بیکەیسی، 45 ئارپیجی، شەش دۆشکەی 12/5ی، یەک هاوەنی 120 ملیم، سێ ئێس پی جی ناین، 800 فیشەکی کلاشینکۆف، 680 فیشەکی بیکەیسی، 280 فیشەکی دۆشکا، 786 گوللەی ئارپیجی، 250 گوللەی ئێس پی جی ناین و 18 دووربینی ئارپیجی.
 
ئەمریکییەکان 'سەحاف'یان دەرباز کرد
 
لە کاتی شەڕدا زوو زوو محەممەد سەعید سەحاف، وەزیری راگەیاندنی عێراق دەهاتە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و باسی لەوە دەکرد، کە هێرشی هێزەکانی ئەمریکایان تێکشاندووە و ئەو هێزانەشی بە "علوج" ناودەبردن. 
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "وەک باس دەکرێت گوایە جۆرج بۆشیش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاش بە وردی چاودێریی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکانی سەحافی کردووە. دوای رووخانی رژێمیش ئەمریکا بە فڕۆکەی سەربازی دەربازی کرد و گەیێندرایە ئیمارات... سەیر بوو ئەمریکا بایەخ و گرنگییەکی زۆری بە ناوبراو دەدا."
 
وەک سەرۆک بارزانی باسی دەکات هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، 1000 سەربازی ئەمریکی بە پەرەشووت لە فڕۆکەخانەی هەریر دابەزین، هێزەکانی عێراق لە زۆربەی هێڵەکانی تەماس لەگەڵ پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد، نزیکەی 8000 ئەفسەر و سەربازیی عێراق خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، دوای کۆتاییهاتنی شەڕ بەڕێزەوە گەڕانەوە نێو خێزان و کەسوکاریان.
 
بارزانی ئاماژە بە چەند پێشهاتێک لە گەرمەی شەڕەکە دەدات. لەوانە مام جەلال پەیامی بۆ ناردووە، کە ئەمریکییەکان ئامادەن جلوبەرگی سەربازیی ئەمریکا بدەنە پێشمەرگه بۆ ئەوەی شان بەشانی ئەوان بچنە نێو شاری کەرکووک، لەو بارەیەوە داوای راوبۆچوونی ئەوی کردبوو، ئەویش گوتبووی دەرفەتێکی باشە و نابێت لە دەست بدرێت، "بەڵام دواتر هیچ نەکرا."
 
هەروەها ئاماژە بە نامەیەکی سەدام دەکات کە لە رۆژی 2ی نیسانی 2003 بۆ مام جەلالی ناردووە، لە نامەکەدا سەددام داوای لە مام جەلال کردبوو کە خۆی تێکەڵی داگیرکەران نەکات، لە کۆتایی نامەکەشدا نووسیبووی: "وێنەیەکی ئەو نووسراوە بۆ بەڕێز مەسعود مستەفا بارزانی بۆ ئاگاداری."