وردەکاریی خنکان و دەرهێنانەوەی تەرمی سێ ئەندامی خێزانەکە لە خەبات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە قەزای خەبات لەنێو رووباری زێی گەورە، سێ هاونیشتمانی خنکان و ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانیی قەزاکەش دەڵێت، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ کەوتووەتە رووبارەکەوە، باوک و ئامۆزاکەی بۆ رزگارکردنی چوونە و هەرسێکیان خنکاون.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی شوباتی 2023، رائید ئامانج محەممەد، ئەفسەری بنکەی بەرگریی شارستانیی قەزای خەبات لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "کاژێر 14:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە کە رووداوی خنکان لەژێر پردی نوێی خەبات هەیە".
 
رائید ئامانج لەبارەی ناسنامەی خنکاوەکان و چۆنێتیی رووداوەکە گوتی، "منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان بە ناوی بنیامین بەختیار کەوتووەتە نێو رووبارەکەوە و باوکی بە ناوی بەختیار کەریم کە تەمەنی 28 ساڵە و کچێک بە ناوی کەژاڵ هەژار کەریم کە برازای بەختیار بووە، بۆ رزگارکردنی منداڵەکە خۆیان هەڵداوەتە نێو ئاوەکەوە و هەرسێکیان خنکاون".
 
 
ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانی دەڵێت، "لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێک توانیمان تەرمەکان لە رووبارەکە بهێنینە دەرەوە و ئێستا رەوانەی دادپزیشکی هەولێرمان کردوون" و تکاش لە هاونیشتمانییان دەکات "بە هیچ شێوەیەک لە زێی خەبات مەلەوانی نەکەن، لەبەرئەوەی بە درێژایی رووبارەکە مەلەکردن تێیدا مەترسیدارە و قەدەخەمان کردووە".
 
رائید ئامانج محەممەد گوتیشی، "ئەمساڵ لە سنووری قەزای خەبات نۆ هاووڵاتی لە ئاودا خنکاون، ئەوە لەکاتێکدایە لە هەموو پارێزگای هەولێر 13 کەس خنکاون".