کۆمیسیۆن: هەر بەربژێر و لایەنێک بانگەشە بکات سزا دەدرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی بەربژێرانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت، هەرکەس بانگەشە بکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی تەممووز، مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بەربژێرێک مافی نییە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، چونکە جارێ ناوی کەس پەسند نەکراوە و ئەوەی بانگەشە دەکات، کێ دەڵێت ناوەکەی پەسند دەکرێت".
 
بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە دوای 15 ئەیلوول. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هەر بەربژێرێک پێش کاتی بانگەشە لە هەرشوێنێک بانگەشە بکات سزادی مادی دەدرێت.
 
18ـی تەممووز تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات. ئێستا وردبینی لە ناوەکان دەکرێت و بڕیارە لە 15 رۆژدا وردبینییەکە تەواو بێت و پاشان ژمارە دەدرێتە لیست و بەربژێران و هاوپەیمانییەکان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان 190 بەربژێری هەیە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 172 بەربژێر، بەرەی گەل 121 بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 71 بەربژێر و  رەوتی هەڵوێست 74 بەربژێریان دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی 2 کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
 
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.