قایمقامی چەمچەماڵ: لە سبەیەوە بە تانکەر ئاو دەگەیێنینە بەشێکی گەڕەکەکان
رووداو – هەولێر
بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە کە 12 رۆژ جارێک ئاوی خاوێن دەدرایە ماڵانی چەمچەماڵ، ئاوی زیاتر دەدرێتە خەڵک. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لە سبەیەوە رۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاو بە تانکەر دەدەنە ماڵان.
ئەمڕۆ شەممە 22-06-2024 رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێدانی ئاو کەمێک باشتر بووە. هەندێک گەڕەک هەفتەی جارێک ئاویان پێ دەدرێت و هەندێکیش نۆ رۆژ جارێک."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت: "کەمێک دۆخەکە باشترە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند لایەنێک لەنێویاندا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، هەوڵ دەدەین ئەم هاوینەش تێپەڕێنین و دۆخەکە رابگرین."
رەمک رەمەزان ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەرکی "ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" لە سبەیەوە رۆژانە بە تانکەر دوو ملیۆن لیتر ئاو دەگەیێننە بەشێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە.
چەند ساڵێکە و چەند جارێک بڕیار دراوە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دروستبکرێت، بەڵام وەک قایمقامی قەزاکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ جێبەجێ نەکراوە و جێبەجێکردنیشی کێشەی ئاوی سنوورەکە چارەسەر دەکات.
رەمک رەمەزان گوتی، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 12ی نیسانی 2022 فەرمانی دەرکرد بە خەرجکردنی 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ. بۆ ئەوەش سەردانی وەزیرانی دارایی، شارەوانی و پلاندانانم کرد و هەموویان دەڵێن، بەسەرچاو و نووسراو بۆ یەکدی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە."
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە بۆ ئاوی پێویست لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە و ئێستا کەمتر لە نیوەی ئەو ئاوەیان بەردەستە.
لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە، نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتی دەژین.