دەزگای ئاسایش: ئەم ساڵ زیاتر لە 1000 بازرگان و بەکارهێنەری هۆشبەر دەستگیرکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 1000 کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکردووە.
 
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 22ـی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زیاتر لە هەزار کەس کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، 572 کەسیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوون".
 
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرینەی ئەو کەسانەی وەک "بەکارهێنەر" دەستگیرکراون تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵدایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەوانەی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لە تەمەنی جیاوازن".
 
لەنێو ئەو کەسانەی دەستگیرکراون زۆرینەیان لە رەگەزی نێرن. سەلام عەبدولخالق گوتی: "ئەوەی رەگەزی مێ بووبێت زۆر کەمە. بۆ نموونە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی یەک ژن بە تۆمەتی هۆشبەر دەستگیرکراوە".
 
ئەوانەی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن، لە بەڕێوەبەرایەتی و بنکەکانی ئاسایش دەهێڵدرێنەوە تاوەکو دۆسێکەیان یەکلایی دەکرێتەوە؛ ئەگەر دادوەر سزایان بدات رەوانەی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ تەواوکردنی حوکمەکانیان.
 
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە 5487 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ بەسەربردنی حوکمەکانیان، لەو ژمارەیە نزیکەی 25%یان بەهۆی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە زینداندان کە زیاتر لە 1300 کەسن و نزیکەی 50 یان ژنن.
 
هەر بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازی، لە هەریەک لە ساڵانی 2018، 2019 و 2020دا 50 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر حوکمدراون، بەڵام تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 200 کەس بەو تۆمەتانە حوکمدراون، بەوەش بەراورد بە رابردوو 12 هێندە زیادیکردووە.