رۆژانی تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی دوو کاژێر هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی گواستنەوە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت پابەند دەکات لە رۆژانی تاقیکردنەوەی قوتابیانی 12ـی ئامادەییدا دوو کاژێر ئینتەرنێت ببڕن.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 22-06-2024 بە توڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتمان ئاگادارکردووەتەوە کە لە سبەی یەکشەممەوە تاوەکو 17ـی مانگی تەمموز، لەو رۆژانەی تاقیکردنەوەی 12ـی ئامادەیی هەیە بۆ ماوەی دوو کاژێر ئینتەرنێت رابگرن."
راگرتنی ئینتەرنێت لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا کاژێر 06:00ـی بەیانی تاوەکو کاژێر 08:00ـی بەیانی دەبێت، واتە لە کاتی گەیاندن و دابەشکردنی پرسیارەکاندا.
13ـی ئەم مانگە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پێش چوونە هۆڵی تاقیکردنەوە، پشکنین بۆ هەموو قوتابیان ئەنجام دەدرێت و هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی و زیرەک رێگەپێنەدراوە."
ساڵی رابردوو 3ـی حوزەیرانی 2023، تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 117 هەزار و 364 قوتابی مافی تاقیکردنەوەیان هەبوو؛ 75 هەزار و 239 لە بەشی زانستی، 39 هەزار و 113 لە بەشی وێژەیی و 3 هەزار و 12 قوتابی لە پیشەییەکان.