برای دوو ژن لە سەرنشینانی بەلەمە تێکشکاوەکە: قاچاخچییەکان کوردن و فێڵیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
برای دوو لەو ژنانەی لە رووداوی ژێرئاوکەتنی بەلەمەکەی سنووری ئیتاڵیا یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەشیان رزگاری بوو، دەڵێت، کۆچبەرەکان بە ناوی 54 کەسەوە بەڕێکەوتوون، بەڵام قاچاخچییەکان 76 کەسیان سواری بەلەمەکە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 11 کۆچبەری نێو بەلەمە تێکشکاوەکەی دەریای نێوەڕاست نزیک لە سنووری ئیتاڵیا رزگارکراون و لە نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا چارەسەر وەردەگرن. تاوەکو ئێستا تەرمی 35 کۆچبەریش دۆزراوەتەوە.
لە رووداوەکەدا 11 کەس لە دوو خێزانی هەرێمی کوردستان هەبوون کە هەردوو خێزانەکە پێکهاتوون لە دوو خوشک و هاوژین و منداڵەکانیان. ژنەکان ناویان هێرۆ عومەر و موژە عومەرە. لە رووداوەکەدا موژدە و کوڕێکی بەناوی میران و منداڵێکی هێرۆی خۆشکی بەناوی لارین رزگاریان بووە.
گەردوون عومەر، برای هێرۆ و موژدە ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "سەرنشینانی بەلەمەکە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون. لەگەڵ خوشکەکانم بەردەوام لەسەر هێڵ بووم. ئەوان 54 کەس بوون کە برابوونە نێو بەلەمەکە، بەڵام قاچاخچییەکان 22 کۆچبەری دیکەیان سەرخستبووە نێو بەلەمەکە و بەو جۆرەش ببوونە 76 کەس."
بە گوتەی گەردوون عومەر، 54 کەسەکە لەگەڵ قاچاخچییەکان بەو جۆرە رێککەوتبوون ژمارەیان زیاتر نەبێت؛ 22 کەسەکەی دیکەش بەو شێوەیە لەگەڵ قاچاخچییەکان رێککەوتبوون کەسی دیکەیان لەگەڵ نەبێت، واتە هیچ لایەکیان بە لایەنەکەی دیکە نەزانیوە تاوەکو چوونەتە نێو بەلەمەکە.
گەردوون عومەر کە خوشکێک، دوو زاوای و پێنج خوشکەزای لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، گوتی "قاچاخچییەکان بە ئێمەیان گوت بەلەمەکە 17 مەترە، بەڵام ئەویش 14 مەتر بوو."
گەردوون عومەر دەڵێت، خاوەنی بەلەمەکە کەسێک بووە بەناوی (ح. د.)، بەڵام لەگەڵ دوو قاچاخچی دیکە بەناوەکانی (ئ.) و (ش. ب.) مامەڵەی کردووە و ئەوانیش کوردن؛ گوتیشی: "ئەو دوو کەسەش نەفەرەکانیان داوە بە دوو قاچاخچی دیکە و ئەو دووانەی دیکە سەریان خستوون بۆ نێو بەلەمەکە، ناویان (س. گ. و م. هـ.) ـە".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەوی رووداوەکەدا دوو بەلەم لەنێو دەریاکەدا بوون و دوای ئاگادارکردنەوەی هەردووکیان لە بەرزیی شەپۆل بۆ زیاتر لە دوو مەتر، یەکێکیان گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی، بەڵام ئەو بەلەمەی ژێرئاوکەوت، رەتیکردووەتەوە بگەڕێتەوە.
گەردوون عومەر گوتیشی: "ئەوەی لێی دڵنیا بووینەتەوە ئەوەیە؛ کاپتنی بەلەمەکە زۆر ناشارەزا بووە. دەڵێن بزووێنەری بەلەمەکە تەقیوە، ئەویش هەر بەهۆی نەشارەزاییەوە بووە لە لێخوڕینی بەلەم لە کاتی هەبوونی شەپۆلی دەریادا."
گەردوون عومەر باسی لەوەشکرد "بەو پاساوەی هەموو شتێک لە بەلەمەکەدا هەیە، ئەو گرووپە قاچاخچییە رێگەیان نەداوە هیچ کەسێک نان و ئاو لەگەڵ خۆی ببات؛ بۆیە دوو منداڵیان لە تینوویێتییدا خنکان و دووانی دیکەش رەق بوونەتەوە."
بەلەمەکە رۆژی 15ـی مانگ لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و لە دەریای نێوەڕاست 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکا.
رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی رزگارکراون کوردن و یەکێکیشیان هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵکی کەرکووکە.
سێ لە رزگاربووەکانی دیکەش، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ یەكێکیان خەڵکی هەورامانە، یەکێکیان خەڵکی مهاباد و ئەوی دیکەشیان خەڵکی بۆکانە.
رووئیا محێدینی، یەکێک لە رزگاربووەکان رۆژی 20-06-2024 بە زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 76 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون کە 24ـیان منداڵ بوون.
رووئیا محێدینی گوتی، چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە لەنێو دەریادا مانەوە تاوەکو کەشتییەکی گەشتیاری رزگاری کردن.