گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەی مێردین و ئامەدەوە بۆ 13 کەس بەرزبووەوە

22-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی تورکیا دوایین ئاماری لەبارەی گیانلەدەستدان لە ئەنجامی ئاگرەکەی نێوان ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22-6-2024، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، یەکێکی دیکە لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 13 کەس و 76 کەسیش بریندارن. 
 
ئێوارەی دوێنێ مونیر کارالئۆغڵو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادە بوو، رایگەیاند، شەش لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە ئەنجامی ئاگرەکە 565 سەر ئاژەڵی بچووک و گەورە لەنێوچوون؛ هەروەها لە ئامەد 8100 دۆنم و لە مێردینیش 7000 دۆنم زەوی لە دانەوێڵە و پووش و پاوان سووتا. 
 
نیوەشەوی 20ـی مانگ، ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.
  
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە دەستیپێکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە