رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی دوو لایەنی حیزبی کۆمەڵە روویدا و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و دوو دیکەش بریندار بوون. دوو لایەنی کۆمەڵە یەکتر بە هۆکاری ئەو شەڕە تۆمەتبار دەکەن.
شەڕەکە لە شەوی رابردووەوە لە کەمپی زڕگوێز لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا دەستیپێکردووە و کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر هێرشی کردووەتە سەر فێرگە و کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بە قەنناس تەقەیان لە پێشمەرگەکانمان کردووە".
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کوژرانی دوو پێشمەرگەیانی بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی پشتڕاست کردەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێش بە چەند پێشمەرگەیەکەوە هەوڵیانداوە بچنە سەر بنکەکانیان و ئەوانیش بەرگرییان لە خۆیان کردووە و شەڕ دروستبووە.
هاوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ "چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتە خوارەوە و لەنێو کەمپی بانە گەورە دەستیان بە تەقە کردووە".
کۆمەڵەی شۆڕشگێر لایەنی دیکەیان تۆمەتبار دەکات، کە رۆژی 21-06-2023 چوونەتە سەر ماڵی عومەر ئێلخانیزادە و ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و بە نێوبژیوانیی هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دیسان لەو شوێنەی ماڵی عومەر ئێلخانیزادەی لێیە، بووەتە شەڕە تەقە.
عومەر ئێلخانیزادە، تاوەکو پێش یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو، بەڵام دوای یەکگرتنەوەیان بووە جێگری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.
رۆژی 21-06-2023 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ لایەنی دیکەی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێر) تووشی شکست بووە و ئەوان وەک لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێش درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن.
کۆمیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە راگەیێندراوی ئەمڕۆیدا دەڵێت "لە دوێنێوە دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەلایەن ئێمەوە، (لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ) دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک".
رۆژی 21-06-2023 دوای راگەیێندراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، گرژی لەنێوان ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵەدا دروستبوو و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لایەنی بەرامبەری تۆمەتبار کرد چوونەتە سەر ماڵی عومەر ئێلخانیزادە، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێر و داوایان لێکردووە کەمپی بانە گەورە بەجێبهێڵێت. دواتر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەوەی رەتکردەوە.
نێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 2022، هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکیان گرتەوە، لە راگەیێندراوی یەکگرتنەوەشیاندا کە رۆژی 27-11 بڵاویان کردەوە، ئاماژەیان بەوە کردبوو، جیایی زیانی پێگەیاندوون و لەمەودوا لەژێر ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"ـدا کار و چالاکی دەکەن.
دەنگی تەقە لە کامێرای چاودێریی ماڵێکەوە لە گوندی زڕگوێز دەبیسترێت و دەبینرێت کە خەڵکی گوندەکە پەشۆکاون. ڤیدیۆکە لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە بۆ رووداو نێردراوە: