جەعفەر شێخ مستەفا: نەک کچەکەم، خۆیشم ئامادەم بچمە بەردەم دادوەر
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لێکۆڵینەوەی لە شەڕەکەی شەوی رابردووی سلێمانی بە یاسا سپاردووە و ئەگەر پێویستبکات، نەک کچەکەی، خۆشی دەچێتە بەردەم دادوەر.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک ئەو شەڕە روویدا ئەو لە سلێمانی نەبووە، "راستە لە رووداوەکەدا کچێکی من لەوێ بووە کە تەنیا خۆی و منداڵێکی ساوای پێبووە، نە پاسەوانی هەیە و نە شۆفێر، بۆ راگەیاندنی هۆکاری شەڕەکە و هەڵگیرسێنەرانیش، پێویستە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بکەین."
جەعفەر شێخ مستەفا گوتی "ئەو هێزەی پێشمەرگە کە چەند کەسێکیان لەنێو رووداوەکەدا بوون، لیوایەکی تایبەتی سەر بە یەکەی حەفتایە، لەبەرئەوەی لە شەڕی داعشدا من فەرماندەیان بووم بە ناوی منەوە ناسراوە، ئەگینا لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش جیاوازی نییە بۆ من و پێشمەرگەی کوردستان."
لەبارەی ئەگەر سکاڵا تۆمارکردن لەلایەن کچەکەیەوە لەسەر هێزە ئەمنییەکان، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا سکاڵای تۆمارنەکردووە، "ناکرێ سکاڵا لەسەر هێزی ئەمنیی نیشتمانەکەی خۆت تۆماربکەیت، بەڵام من کچەکەمم ئازادکردووە لەوەی ئایا سکاڵا تۆماردەکات یاخود نا."
جەعفەر شێخ مستەفا دەشڵێت، "بریندارەکان پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشیشیان تێدان، منیش هیچ دەستێوەردانێک لە دۆسیەکەدا ناکەم و ئەگەر پێویستبکات، نەک کچەکەم، ئامادەم خۆشم بچمە بەردەم دادوەر."
نیوەشەوی رابردوو، لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە 11 كەس برینداربوون، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، تەقەكردنەكە نزیكەی 20 خوولەكی خایاندووە.
هەر ئەمڕۆ مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزەكانی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان و نۆزانی كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن و رەزامەندیی هەموویان كێشەكە چارەسەركرا و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا و یاسا دەكرێتەوە."
لەبارەی رەوشی بریندارانی شەڕەكەش بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزەكانی یەكێتی گوتی "بەداخەوە لە شەڕەكەدا 11 كەس برینداربوون، ئێستا 5 یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهشتووە و چارەسەری پێویستیش بۆ ئەوانی دیكە دەكرێت."