مەسرور بارزانی: زانکۆی ئاکرێ دادەمەزرێنین


رووداو دیجیتاڵ 

کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ لە ساڵی 2009ـوە دامەزرێنراوە، ئێستا زیاتر لە 300 خوێندکار لە حەوت بەشی زانستیدا دەخوێنن؛ چەندین ساڵە خەڵکی ئەو ناوچەیە چاوەڕێی بە زانکۆ بوونی دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، خەڵکی ئاکرێ چاویان لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو تاوەکو ئەو هیوایەیان بێتەدی. 
 
د. رەشاد کەمال، راگری کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ بە رووداوی گوت: بوونی زانکۆیەک لە ناوچەکەمان گرنگی خۆی هەیە و کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لە هەموو روویەکەوە. 
 
مەسرور بارزانی سەردانی ئاکرێی کرد لەگەڵ قایمقامی قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەشدا کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ 800 کەس لە کەسایەتی و ریش سپی و مامۆستایانی ئایینی کۆبووەوە، لە کۆتاییدا بە گوژمەی 24 ملیار دینار پرۆژەی بۆ هەردوو قەزاکە راگەیاند. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەو پرۆژانەی هاتوونەتە بەردەستی ئێمە، نزیکەی 24 ملیار دیناری دیكە رەزامەندیمان لەسەر داوە كە پرۆژە بۆ هەردوو قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش جێبەجێ بكرێن." 
 
مەسرور بارزانی دامەزراندنی زانکۆی ئاکرێی راگەیاند و گوتی: هیوادارم ئەم زانكۆیەش خزمەتێكی زیاتری ئەو ناوچەیە بكات، لە هەمان كاتدا لێرەدا دەمەوێت ئەوەش رابگەیێنم كە زانكۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانیش دادەمەزرێنین. 
 
هەر لە سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیران هاوکاریی دارایی بۆ هەریەک لە یانەکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و دینارتە دابینکرد و گوتی، دوو بەنداو لەو سنوورە دروست دەکەن. هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە دووپاتکردەوە.