سەرۆکی کۆمیسیۆن: دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی کۆمیسیۆن بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران کارا کرایەوە، دەست بە قۆناخی یەکەمی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیڤرۆژی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشکرد، گوتی: "کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین، ئەرکی هەڵبژاردنی 18ی 11ی ئەمساڵ جێبەجێ دەکەین و بۆ ئەوەش چاوەڕێی گەیشتنی فەرمانی دەستبەکاربوونین."
هەندرێن محەممەد گوتی: "ئامادەکارییەکانی ئێمە سەرەتایی دەبن، دەرفەتیش لەبەردەم پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆی زیاتر بکات، هەر گۆڕانکارییەکیش لە یاساکاندا بکەن، دەکەوێتە قۆناخی دووەمی ئامادەکارییەکانی ئێمە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمیسیۆن نابێت."
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گرژیی نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر خستنە بەرنامەی کاری بڕگەیەکی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە؛ فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی دواخستووە دواتر ئەو دەنگدانە کراوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەڵێت، "بۆ دەستبەکاربوون چاوەڕێین بە فەرمی ئاگادار بکرێینەوە و دوو ئەندامە نوێیەکەمان سوێندی یاسایی بخۆن لە ئەنجوومەنی دادوەری. دەبێ پەلە بکەین لە تۆماری دەنگدەران، هاوئاهەنگی ئەمنی، گرێبەستی کڕینی پێداویستی دەنگدان و دروستکردنی دادگەی هەڵبژاردن."
بەگوتەی هەندرێن محەممەد، بەپێی یاسای ژمارە 4، متمانەدان بە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە پەرلەمان دەبێت، ئێستا ئەندامێتی حەوت کۆمیسیار درێژکراوەتەوە و ئەو دووەی کە ماون دەبێ سوێندی یاسایی بخۆن و هەر نۆ ئەندامەکە دەستبەکار دەبن.
لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکانیش لەبارەی هەڵبژاردنەوە، هەندرێن محەممەد گوتی: "رێککەوتنی هەڵبژاردن شتێکی باشە، بەڵام کۆمیسیۆن ناتوانێت بە مانگ و دوو مانگ هەڵبژاردن بکات، بەڵام شەو و رۆژ لێک گرێدەدات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەو ماوەیەشی کە ماوە؛ دەکرێ بگونجێندرێت تا رۆژی هەڵبژاردن، دەبێ رێکارەکان بگونجێنین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەمەش لەسەر کۆمیسیۆن فەرزکراوە."
هەندرێن محەممەد دەڵێت: "رێکخستنی داتاکانی هەڵبژاردن هەنگاوی باشی بڕیوە و داتای نوێی زۆر باش لە عێراق هەیە و دەتوانین لە هەڵبژاردنی داهاتوو پشتی پێ ببەستین. هەڵبژاردنی پێشوو نزیکەی 18 ملیۆن دۆلار خەرجکرا، پێشبینی دەکەم هەڵبژاردنی داهاتوو نزیکەی 25 ملیار دیناری تێبچێت کە زۆربەیان بۆ کارمەندانی سەر سندووقە کە 80-90 هەزار کەسن، کە دەکاتە 70٪ی بودجەی هەڵبژاردن."
لەبارەی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، گوتی "بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری کردووینەتەوە کە ئامادەیە بۆ دابینکردنی ئەو پارەیە و دابینکردنی هەر پێداویستییەکی دیکە."