لە چەمچەماڵ گەنجێک بە دەستڕێژی گولـلە دەکوژرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو قەزای چەمچەماڵ دەستڕێژی گولـلە لە گەنجێک دەکرێت و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات؛ جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵیش دەڵێت، تەرمەکەیان رادەستی کەسوکارەکەی کردووەتەوە.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە دوای کاژێر 07:00 بووە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە گەنجێکی 22 ساڵانە.
کاتێک گەنجەیان بردووەتە نەخۆشخانە، وەکو شەریف رەحیم باسی کرد، گیانی لەدەستدابوو و ئەوانیش تەرمەکەیان بۆ دادپزیشکیی چەمچەماڵ ناردووە.
شەریف رەحیم گوتیشی، شوێنەواری گولـلە بەسەر جەستەی گەنجەکەوە بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو گەنجە ناوی (ئەیوب عەبدولجەبار)ـە و خەڵکی گوندی گوڵمکەوەی سەر بە شارۆچکەی ناوشوانە.
قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی کوژراوە لەگەڵ ئەو کەسەی تەقەی کردووە خزمی یەکدین و کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا بووە، هەرچەندە کێشەکەیان چارەسەرکردووە، ئەم ئێوارەیە کێشەکە سەریهەڵداوەتەوە و ئەو گەنجە کوژراوە.
لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوەکە، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسەی کوژراوە و ئەوەی تەقەی کردووە دانیشتووی گوندی گوڵمکەوەی سەر بە شارۆچکەی شوانن و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای کەرکووکە. بکوژ چووەتە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانمان، بەڵام لێکۆڵینەوە و کاری خۆیان ئەنجامداوە و بە هێزەکانی پۆلیسی کەرکووکیان گەیاندووە تاوەکو دەستگیری بکەن."