کەشناسی: سبەی ماسک بەکاربهێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی خۆڵبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە و خێرایی با زیاد دەبێت، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی داوا دەکات هاونیشتمانیان بۆ خۆپاراستن لە خۆڵبارین ماسک بەکاربهێنن.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رۆژی دووشەممە 22-5-2022، لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان ئاسمان پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ و زیادبوونى خێراىی با. هەندێک کات ئاستى خۆڵبارین زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرماش دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزن.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی ئایاری 2022، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاریگەری خۆڵبارین لە ئەمشەوەوە زیاتر دەردەکەوێت و سبەینێ چڕتر دەبێتەوە".
 
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، شەپۆلی ئەمجارەی خۆڵبارین لە رۆژی سێشەممە و چوارشەممەش کاریگەریی دەمێنێت و رۆژی پێنجشەممە کاریگەرییەکەی نامێنێت.
 
ئاسۆ کەمال گوتی هەندێکجار شەپۆلی خۆڵبارینەکە زۆر چڕ دەبێت و داوای کرد، هاونیشتمانیان لەکاتی چوونە دەرەوەدا ماسک ببەستن و ئەوانەشی بەتەمەنن یان کێشەی تەندروستییان هەیە لەماڵ نەچنە دەرەوە.
 
ئەمساڵ حەوت شەپۆلی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆڵبارین بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی دەگەڕێندرێتەوە.