مەسرور بارزانی: ئازادیی بیروڕا و راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان لە گەشەپێدانی بەردەوامدایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بزاڤی رۆژنامەگەری و ئازادیی بیروڕا و راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادیی راگەیاندن و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ رۆژنامەنووسان.
ئەمڕۆ شەممە، 22-04-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی 125 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی و دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و گوتی، "نابێت دەزگاکانی راگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری تووندڕۆیی و هاندانی تووندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەوبۆنەیەوە "گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان" دەکات و دەڵێت، بزاڤی رۆژنامەگەری و ئازادیی بیروڕا و راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادیی راگەیاندن و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیێنن.
رۆژنامەی کوردستان یەکەم رۆژنامەی کوردی بوو کە یەکەم ژمارەی 125 ساڵ لەمەوبەر و لە رێکەوتی 22ـی نیسانی 1898، بە تێکۆشانی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاھیرەی میسر بڵاوکرایەوە. دەستپێکی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی کوردستان وەکو خەباتێکی نەتەوەیی و رۆشنبیری دێتە نرخاندن.
مەسرور بارزانی هیوادارە "رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات کە رۆژنامەڤانان ئامانجی سەرەكییان "گەیاندنی راستی و زانیاریی باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتكردنی خەڵك و هاووڵاتییانی كوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان." دەشڵێت، "نابێت دەزگاکانی راگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری تووندڕۆیی و هاندانی تووندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان".
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە "بە رێز و پێزانینەوە" یادی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیرانەی کوردستان دەکەنەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان، خزمەتێکی زۆری زمان و رۆشنبیریی کوردیی و دۆزی رەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد.