هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: درۆنێکمان لە کەرکووک بەهۆی کێشەیەکی میکانیکییەوە کەوتە خوارەوە


رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، ئەو درۆنەی بەیانیی ئەمڕۆ لە باشووری کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە درۆنی ئەوان بووە. دەشڵێت، بەهۆی کێشەیەکی میکانیکی کەوتووەتە خوارەوە.  
 
ئەمڕۆ شەممە، 22ـی نیسانی 2023، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەیانیی رۆژی 22ـی نیسان درۆنێکی هاوپەیمانان بەهۆی کێشەیەکی میکانیکی لە باشووری کەرکووک کەوتە خوارەوە." 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق چاودێریی ناوچەکەیان کردووە و هێزەکانی هاوپەیمانان "درۆنەکەیان تەقاندووەتەوە و شوێنەکەیان پاککردووەتەوە." هاوکات، باس لەوەش دەکات کەوتنی درۆنەکە و تەقاندنەوەی هیچ زیانێکی بۆ ژێرخانی سڤیل نەبووە. 
 
درۆنەکانی هاوپەیمانان، وەکو راگەیێندراوەکە دەڵێت، توانای هەواڵگری و چاودێری بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دابین دەکەن و لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش یارمەتییان دەدەن.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە درۆنێک لە دەرەوەی سنووری پارێزگای کەرکووک لە ناوچەکانی خوورماتوو "لێی دراوە و لە سنووری باشووری پارێزگای کەرکووک کەوتووەتەوە خوارەوە."  
 
عامر نووری ئاماژەی بەوەکرد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لە کەرکووک و دەزگای هەواڵگریی و ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەقاڵی لێکۆڵینەوەن.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاوکراوەتەوە کە درۆنەکە ئەمریکییە و لە ناوچەکانی ئامرلی و خورماتوو "مووشەکی ئاراستەکراوە و خراوەتەخوارەوە." 
 
هەفتەی رابردوو لە زوورگەزراو لە نزیک قوشتەپە، درۆنێک بە دووریی 500 مەتر لە هێزەکانی پێشمەرگە کەوتە خوارەوە.