رێژەی تەڵاق لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە

رووداو - هەولێر 

رێژەی تەڵاق لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە، هاوسەرگیریش بەراورد بە ساڵانی رابردوو 20% کەمترە. 

بەپێی ئاماری دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لە 2017ـدا 11هەزار و 369 خێزان پێکهێنراون، دوو هەزار و 226 خێزانیش لێک هەڵوەشاون.

رێکخراوی لیدیا دوای ئەنجامی چەن توێژینەوەیەک لە هۆکارەکانی تەڵاق، باس لە سەرەکیترین هۆکارەکان دەکات، لەم سمینارەدا دەیانەوێت رێگایەک بۆ کەمبوونەوە و نەهێشتنی لێکترازانی خێزان بدۆزنەوە.

چیمەن فەیزوڵڵاخەیاتی، کۆمەڵناس دەڵێت "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تەڵاق لە باشووری کوردستان لایەنی ئابووری خێزانەکانە، بابەتێکی دیکە کە زۆر گرنگە، بەهۆی سۆشیال میدیایەوە پەیوەندی نێوان تاک زۆر نزیک بووەتەوە، ئەگەر جاران تاک بیتوانیایە مانگی جارێک پەیوەندی بکات، ئێستا لە یەک کاتدا لەگەڵ سەتان کەس پەیوەندی دەکات".

لە سێ ساڵی رابردوودا  30%ـی حاڵەتەکانی هاوسەرگیری لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵیدا بووە، لە بەرامبەردا 25% حاڵەتەکانی تەڵاق لە نێوان تەمەنی 20 بۆ 25 ساڵیدا بووە.  

نەگونجان لەگەڵ یەکدی، ناپاکی هاوسەری، نەبوونی ماڵی جیا، تۆڕە کۆمەڵایتیەکان، هۆکاری ئابووری، پێنج لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لێکترازانی خێزانە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی دادگای تیهەڵچوونەوەی هەولێر لە ساڵی 2016ـدا، 15 هەزار و 940 گرێبەستی  هاوسەرگیری تۆمارکراون و دوو هەزار و 665 حاڵەتی تەڵاقیش روویانداوە.

لە 9 مانگی ساڵی 2017ـدا، 11 هەزار و 369 کەس ژیانی هاوبەشیان پێکهێنراوە و دوو هەزار و 226 حاڵەتی لێکجیابوونەوە تۆمارکراون، لە شەش ساڵی رابردوودا زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە 2013 بووە کە شەش هەزار و 417 حاڵەت روویانداوە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن