سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان دەستی لەکار کێشایەوە

22-01-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمانی کردبوو تاوەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن و لیژنەکانی پەرلەمان پێکبهێنرێن؛ بەڵام رێژەی یاسایی تەواو نەبوو و خۆیشی دەستی لەکار کێشایەوە.
 
ئەمڕۆ 22ی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دوو ساڵە پەرلەمان بەبێ سەرۆکی پەرلەمانە. ئەمڕۆ ویستمان سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرین، بەڵام رێژەی یاسایی لە کۆبوونەوەکە ئامادە نەبوون".
 
رۆژی 02-12-2024، بەربژێرانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، کە لە دایکبووی ساڵی 1948ـە؛ پەرلەمانتاری بەتەمەنی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو.
 
کوردەوان جەمال، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەمان کۆنفراسدا رایگەیاند، "بەداخەوە رێژەی یاسایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە تەواو نەبوو. پارتی و یەکێتی هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن و بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد".
 
محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک داوای کردبوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان بەشداری کۆبوونەوە بکەن. رۆژی 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نەوێ، بڕیارەکانی جووڵانەوەکەی سەبارەت بە بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند، گوتی، "ئەگەر لایەنەکان بۆ دێژەدان بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ئامادە نەبن، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێیە و دەست لەکار دەکێشێتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد سلێمان، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفراسەکەدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی، "ئامانجم خزمەتکردن بوو، ناتوانم لە پۆستێک بمێنمەوە ئەگەر خزمەتی خەڵک نەکەم؛ دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم".
 
 
کوردەوان جەمال، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، "ئێمە هەر 15 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئامادە بووین. لە داهاتووشدا لە خزمەتکردنی خەڵک بەردەوام دەبین".
 
محەممەد سلێمان لەبارەی ئەوەی تۆمەتبار دەکرێن ئەم دەستلەکێشانەوەیە سیناریۆ بێت، بەشێوەی پرسیاری گوتی، "خزمەتکردنی خەڵک سیناریۆیە؟ سوێندخواردن و چوون لە ماڵەوەدانیشتن سیناریۆیە؟ یان ئەمەی بێی بڵێی با پەرلەمان هەیکەلەکەی دروست بکەین و دەستبەکار بێت".
 
کوردەوان جەمال، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "کوشتەی هیچ پۆستێک نین؛ ئێمە پۆست و وەزارەتمان بەلاوە گرنگ نییە. ئەوەی گرنگە خەم، بژێوی و مووچەی خەڵکە".
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20-10-2024 بەڕێوەچوو، ژمارەی کورسیی پارت و لایەنەکان بەمشێوەیەیە:
 
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانی هەرێمی کورستان: 1 کورسی
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان: 5 کورسی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە