رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی فراکسیۆنەکانی کردووە کۆببنەوە و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن. رەوتی هەڵوێست و یەگرتوو دەڵێن، "بەشداری دەکەین" و ئەوانی دیکە بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
ئەمڕۆ 22ی کانوونی دووەمی 2025 عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بۆ ئەو کۆبوونەوەی ئێستا، رێککەوتنێکی سیاسی کراوە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا کە هیچیان بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن."
سەرۆکی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە لە پەرلەمان ئامادە دەبین. بەڵام ئەم رێککەوتنە بۆ ئەوەیە سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان رادەستی یەکێتی بکرێت."
پارتی و یەکێتی، دوو فراکسیۆنە گەورەکەی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکانیان بۆ دانوستاندن بەردەوامە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناکەن.
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە لەگەڵ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانین، هیوادارین بەزووترین کات سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت."
لەبارەی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان روونیکردەوە، "لەگەڵ هەر هەوڵێکین کە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی ببات. لە دۆخێکی کۆک و تەبایی لایەنەکاندا بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین؛ بەڵام لە دۆخێکی ناتەبایی و ناکۆکدا بەشداری ناکەین و نابینە بەشێک لە تێکدانی کەشی ئارامی کوردستان."
لەبارەی پرسی بەشداریکردنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان سەلاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "بەشداری دەکەین."
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، "کۆمەڵ بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستاندا ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ