وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆدەبنەوە، دوایین پێشکەوتنەکانی دانوستاندنەکانی چەند هەفتەی رابردوو سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کۆمپانیا نەوتییەکانی کردووە بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە(24-01-2024) کۆببنەوە بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
لە ئیمەیڵێکدا کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان ناردوویەتی و وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، تێیدا هاتووە، "ئامانج لە کۆبوونەوەکە پێدانی زانیارییە بە ئێوە سەبارەت بە پێشکەوتنی دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەبارەت بەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە ئێوە و کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکەی هاوبەشتانەوە هەیە. هەموارکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2023 و بابەتی قەرەبووکردنەوەی شایستەداراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە دەبن. ئێمە لەم گفتوگۆیانەدا پێشوازی لە تێڕوانین و پێشنیارەکانتان دەکەین."
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە (APIKUR) کە گرووپێکە لەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە رووداوی راگەیاند، کۆمپانیا نەوتییەکان بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئەو گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەن کە بریارە رۆژی چوارشەممە بکرێت.
گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور هیوادارن دانوستاندن و گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەوەی بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەستپێبکاتەوە."
کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان هەفتەی رابردوو لە هەژمارەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، رایگەیاند، "کۆمپانیا نەوتییەکان لە گفتوگۆکانی ئەم دواییە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشداربوون و هیوادارن رێککەوتن لە نێوان هەموو لایەنەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرا دەستپێبکاتەوە."
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە 23ـی مانگی 3ـی ساڵی رابردووەوە لە دوای بریاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی راگیراوە و مەزەندە کراوە مانگانە زیانی یەک ملیار دۆلاری هەبێت.
پێش وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆڕییەوە هەناردەی بازارەکانی جیهان دەکرا.