هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ پێکهاتەکان داوای زیادکردنی کورسییەکانیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان کە ژمارەیان 11 کورسییە پێشهاتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە خۆی تورکمانە دەڵێت: تورکمان دووەم نەتەوەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت بە کردار ئەم رێژەیە بە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە دیاربێت و بۆ خولی داهاتوو داوا دەکەین تورکمان 10 کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت.
ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە داوامان کردووە لە پێنج کورسی کۆتا بکرێتە 10 کورسی کۆتا و ژمارەی کورسی تورکمان زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت نوێنەرایەتی راستەقینە و فراوانی هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان."
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێنە کە پارتێکی کرستیانە، ئەو دەڵێت، "داواکاری ئێمە ئاوهایە، دەبێت کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان 10 کورسییان هەبێت و یەک کورسیش بۆ ئەرمەن دیاری بکرێت." ئەم داواکارییەی ئەوان بۆ ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بەشێوەی فرەبازنەیی.
سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن بە رووداوی راگەیاند: یەکێک لە داواکارییە هەرە دیارەکانی حیزبەکەمان ئەوەیە کە بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن کورسی کۆتاکان زیادبکرێت. بۆ کورد باشە 10 کورسی کۆتا بۆ کلد و ئاشوورییەکان و 10 کورسی کۆتا بۆ تورکمانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەن بێت.
داواکاری کریستیان و تورکمانەکان زیادکردنی دوو کورسییە بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان. ئەم داواکارییانە رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.