دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. لە 14ی ئەم مانگەوە پڕۆسەکە کۆتایی هاتووە و بڕیارە شوباتی ساڵی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی رابگەیێندرێت."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گوتی: "دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەکی زۆر لەگەڵ عێراق، بڕیاردرا 15-2-2025 ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت".
سەرژمێریی گشتی لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای دوو رۆژ و لە 25ـی هەمان مانگ، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسن و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
دوای ئەوە قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستیپێکرد و تاوەکو 15ی ئەم مانگە تەواوی فۆرمی تۆماری خێزان پڕکرانەوە کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان کرا.