بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای مەخموور لە پۆستەکەی لادرا


رووداو دیجیتاڵ 
 
بە فەرمانی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای مەخموور لە پۆستەکەی لادرا و گوێزرایەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا.  
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا رۆژی چوارشەممە 21-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەمید هانی سوورچی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای مەخموور لە پۆستەکەی لادراوە." 
 
هاوکات هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 21-12-2022، رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا بە زارەکی، نەک نووسراوی فەرمی، بە عەمید هانی سوورچی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای مەخمووری راگەیاندووە کە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی عێراق، پۆستەکەی جێبهێڵێت و بچێتە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا. بۆیە ئێستا عەمید هانی سوورچی لە مەخموور دەوام ناکات و لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا کاردەکات." 
 
قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژەی بەوە کرد کە "تائێستا بە فەرمی هیچ نووسراوێکمان لەبارەی لەکارلابردنی عەمید هانی بەدەستنەگەیشتووە. جێگرەکەشی کە کوردە کاروبارەکانی پۆلیسی قەزای مەخموور بەڕێودەبات." 
 
لەلایەکی دیکەوە لیوا عەواد خەلیل تۆفیق عەبدوڵڵا سوورچی، کە جێگری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا بوو، بە فەرمانی عەبدولئەمیر شەمەری، کرایە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە عێراق. 
 
رۆژی چوارشەممە 21-12-2022، لیوا عەواد سوورچی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "کراومەتە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق. بەڵام تائێستا بە فەرمی نووسراوەکەم بەدەستنەگەیشتووە. لەو پۆستە نوێیەدا دەستبەکارنەبووم."