وەزارەتی کارەبا: لە یەکەم رۆژی قەدەخەی هاتووچۆ زیاتر لە 21 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 21 کاژێر کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، لە هەندێک شوێن 24 کاژێر هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنی، لە یەکەم رۆژی قەدەخەی هاتووچۆ توانیمان زیاتر لە 21 کاژێر کارەبا بە هاونیشتیمانییان بدەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، "لە هەندێک شوێن کارەبا بەردەوام هەبووە و هیچ نەکوژاوەتەوە، وەک سلێمانی و گەرمیان، لە دهۆک و هەولێر هەندێک کاتی کەم پچڕان هەبوو."
 
لەبارەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای لە دووەم رۆژی قەدەخەی هاتووچۆدا ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئەمڕۆ بە هەمان شێوە زۆرترین کات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەبێت، هەوڵدەدەین زیاتر لە 21 کاژێر کارەبا بە هاونیشتیمانییان بدەین."
 
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، تاوەکو رۆژی شەممە کاژێرەکانی کارەبا بەم شێوەیە بەردەوام دەبن، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی واتا رۆژی یەکشەممە، کاژێرەکانی کارەبا دەبێتە 16 بۆ 17 کاژێر لە رۆژێکدا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، لە 19 رۆژی ئەم مانگدا توانیویانە رۆژانە 16 بۆ 17 کاژێر کارەبای نیشتمانی دابین بکەین. گوتیشی: "ئەگەر سەرما و بارانێکی لەناکاو روونەدات، هەوڵدەدەین زیاتر کارەبا بە هاونیشتیمانییان بدەین."
 
بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە.