لە هەولێر کەسێک تەقە لە هۆتێلێک دەکات و پاسەوانێک بریندار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوو میوان کە هاوڕێی یەکدین لە هۆتێل رامادای شاری هەولێر بەشەڕدێن و یەکێک لە میوانەکان تەقە دەکات و دوو کەس بریندار دەکات، دواتر تەقەکەرەکە ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی دەبات و بەرەو دهۆک هەڵدێت، بەڵام لە رێگەدا تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە شەوی سێشەممە 19-11-2024 لە هۆتێل رامادا لە گەڕەکی 32ی پارک (سەربەستی) هەولێر روویداوە، دوو میوانی هۆتێلەکە کە خەڵکی دهۆکن، کێشە لە نێوانیاندا روویداوە. 
 
وەک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەست رووداو کەوتووە، دەردەکەوێت کەسێک لەبەردەم هۆتێلەکە بە دەمانچە تەقە دەکات، داوا لە پاسەوانی هۆتێلەکە دەکات کە بڕوات.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە ئەنجامی تەقەکان، پاسەوانێکی هۆتێلەکە بریندار بووە، بەڵام برینەکەی سووکە، هەروەها میوانێکی هۆتێلەکەش بەهۆی شکانی جامی پەنجەرەکانی هۆتێلەکە بریندار بووە، زەرەر و زیانیش بەر هۆتێلەکە کەوتووە.
 
تەقەکەرەکە دواتر ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی بردووە و بەرەو دهۆک چووە، بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر بۆ رووداو، ئەو کەسە لە رێگەدا تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە.
 
دۆسیەی رووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی شادییە لە شاری هەولێر. لەبارەی رووداوەکەشەوە هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمیان لەسەر ئەو دۆسیەیە بەدەست نەگەیشتووە.