دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان: تاوەکو شەوی هەینی سەرژمێری بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر وەکو عێراق، قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان و بەردەوامیی پرۆسەی سەرژمێری بۆ ماوەی 24 کاژێر، لە هەرێمی کوردستانیش درێژ دەکرێتەوە.
ئەمشەوی پێنجشەممە، دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی پلانی سەرژمێری تاوەکو تەواوی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 100٪ تۆمار دەکرێت.
دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەربارەی تەواو نەبوونی سەردانی بژمێرەکان لە هەرێم وپارێزگاکانی دیکەی عێراق، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی پرۆسەی تۆمارکردنی خێزانەکان بۆ ماوەی یەک رۆژ، واتە لە میانی تەواونەبوونی کاژمێر 12:00ی ئەمشەو، ماوەکە درێژ دەکرێتەوە تاوەکو 12:00ی شەوی 22.11.2024".
بەپێی راگەیێندراوەکە، "وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، جەخت دەکەنەوە لەسەر جێبەجێکردنی پلانی سەرژمێری تاوەکو تەواوی دانیشتووانی هەرێم بەڕێژەی 100٪ تۆمار دەکرێن".
سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ، "هاوشێوەی حکومەتی فیدڕاڵ قەدەخەی هاتووچۆ لە نێوخۆی شارەکان هەڵدەگیرێت، تەنیا لەنێوان پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە سنووردار دەبێت".