پرۆسەی سەرژمێری لەو پارێزگایانەی کارەکانیان تەواو نەبوون، درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى باڵاى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق بڕیاریدا کاژێرەکانى کارى بژمێرەکان لەو پارێزگایانە درێژ بکاتەوە کە کارەکانى سەرژمێرى تیایاندا تەواو نەبووە.
ئەمشەو 21ى تشرینى دووەمی2024، لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە درێژکردنەوەى کارى بژمێرەکان تاوەکو شەوى هەینى (22ى شترینى دووەم ) بەردەوام دەبێت.
سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رۆژى 20ى تشرینى دووەم دەستیپێکرد و بەگوێرەى بڕیارى پێشووى لیژنەى باڵاى سەرژمێرى کاژێر 12:00ى ئەمشەو کۆتایی دەهات.
لیژنەى باڵاى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان داواى لەو هاووڵاتییانە کرد کە بژمێرەکان سەردانیان نەکردوون، لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
بەشێک لە هاووڵاتییان لە ماوەى رۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەم ناویان تۆمار نەکراوە، بەهۆى ئەوەى بژمێرەکان سەردانیان نەکردوون.
لیژنە باڵاکە رایگەیاند: قەدەخەى هاتووچۆ لەنێو سنوورى کارگێڕى سەرجەم پارێزگاکاندا هەڵدەگیرێت، بەڵام هاتووچۆى هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لە نێوان پارێزگاکان قەدەخەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ى تشرینى دووەم، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ؛ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە کرا، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم خێزانەکان تۆمار کران.