رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، باندێکی شەش کەسییان لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەرەوە و زیاتر لە سێ کیلۆگرام مادەی کریستاڵ و 50 هەزار حەبی ترامادۆڵیان پێ گیراوە و بەپێی فەرمانی دادوەر راگیراون.
رۆژی دووشەممە 21-11-2022، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە هەڵمەتە بەردەوامەکانمان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر و بنبڕکردنی ئەو ماددانە توانیومانە باندێکی شەش کەسی دەستگیر بکەین."
ئاماژە بەوەش کراوە، "توانراوە لەناو شاری سلێمانی بە فەرمانی دادوەر لە رۆژی 20-11-2022 باندێکی شەش کەسی بازرگانی مادەی هۆشبەر بە ناوەکانی: (ح. ع. م)، (م. غ. م)، (هـ. ر)، (ش. س. ع)، (ج. ع. ع) و (ف .س. ئـ) دەستگیر بکەین."
بەپێی راگەیێندراوەکە، تۆمەتباران دانیشتووی هەرێمی کوردستان و ئێرانن و ئەو مادە هۆشبەرانەیان کە سێ کیلۆگرام کریستاڵ و 50 هەزار دانە حەبی ترامادۆڵ بووە، لە ناو سێتی کەلوپەلی چێشتخانەدا شاردبووەوە.
لەبارەی چارەنووسی ئەو بازرگانانەشەوە، ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکردووە، ئەوان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون.
بەپێی ئامارێکی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی نههێشتنی مادده هۆشبهرهكان، لە سێ ساڵ و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، دەست بەسەر هەزار و 217 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و پێنج هەزار و 419 کەسیش دەستگیرکراون؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا رۆژانە زیاتر لە پێنج کەس بەهۆی ماددهی هۆشبهرهوه دهستگیركراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ