دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران: ئێران رێگە بە گەشتیارانی عێراقی نادات بپەڕنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی نیشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت، لە کاژێر 01:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022ـەوە ئێران بە بیانووی نەبوونی سیستم رێگە بە گەشتیارانی عێراقی نادات لە سنوور بپەڕنەوە. بەڵام هاتووچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاساییە. 
 
سالار تەحسین، بەرپرسی نیشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە دیوی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نییە، 24 کاژێر سنوور لە بەردەم گەشتیاران کراوەیە؛ بەڵام لە دوای کاژێر 01:00ی ئەمڕۆوە ئەو گەشتیارانەی بەڕێکراون ئێران پێی گوتوون، 'بگەڕێنەوە سیستم نییە.' 
 
ژمارەیەک لەو گەشتیارانەی لە سنوور گەڕاونەتەوە بە رووداویان گوت، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران مۆری چوونیان بۆ لێدرا، بەڵام کاتێک گەیشتوونەتە دەروازەی تەمەرچیانی رۆژهەڵاتی کوردستان پاسدارەکانی ئێران پێیان گوتوون، 'بگەڕێنەوە سیستم کار ناکات.' 
 
ئەو کەسانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانین چوون و هاتنیان لە بەردەمدا کراوەیە؛ هەروەها ئەو کەسانەشی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگەڕێنەوە بێ کێشە لە سنوور دەرباز دەبن. 
 
لای خۆشیەوە، عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە رووداوی گوت، هاتووچۆکردنی بازرگانی و گەشتیاریی لە دەروازەکەیان "ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە." 
 
عەباس ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد: تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لەلایەن ئێرانەوە کە بڵێن، 'سیستم خراپە' و جوڵەی بازرگانی و هاتووچۆکردنی گەشتیار ئاساییە. 
 
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا هاوکار بووە