نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکومەت و بزووتنەوەی گۆڕان
رووداو - سلێمانی
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە، شاندی گۆڕانیش پڕۆژەیەکی نوێیان پێشکەشکردوون.
هاوکار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "دوای دوو کاژێر کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان، شاندی باڵای حکومەت بەرەو دەباشان بەڕێکەوت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی".
پەیامنێری رووداو گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان وەرقەیەکی نوێی خستووەتە بەردەست شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرقە نوێیەکە کۆمەڵێک مەرج و داواکاری تێدایە، یەکێک لە خاڵەکان داوایانکردووە بەزووترین کات وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی ئاییندەی هەرێمی کوردستان دابنرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوانەخرێت، هەروەها ئەوەشیان بە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە کە پێویستە کۆدەنگییەکی نیشتمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن".
پەیامنێری رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، جیا لە داواکاری پێشوویان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کابینەیەی حکومەت و پێکهێنانی کابینەیەکی کاتی، داوایانکرددووە ئەو کابینەیەی ئێستا ئەگەر بەردەوامبێت بەوشێوەیە، دەبێت قەبارەی کابینەکە بچووکبکرێتەوە، واتە ژمارەیەک لە وەزارەتەکان کەمبکرێنەوە، لە شێوەی حکومەتێکی کاتی کاربەڕێکەر بێت تاوەکو کاتی هەڵبژاردنەکان.
تیمەکەی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێکهاتبوو لە: عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، جەمال حاجی محەممەد، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.
پێش کۆبوونەوەکە سەمیر هەورامی، سکرتێری رۆژنامەڤانیی جێگری سەرۆکوەزیران بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەی دواتر لایەنەکان پێکەوە سەردانی بەغدا بکەن.
هاوکات پەیامنێری رووداو رایگەیاند: ئەوەی راگەیێندراوە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک داواکاری هەیە و دەیانخاتە بەردەست سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، یەکێک لە خاڵەکان کۆدەنگی لایەنەکانە لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کورستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی ئەو شاندەی دەینێرێتە بەغدا رای سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانی پێبێت و کۆدەنگییەکی نیشتمانی هەبێت.
رۆژی 20-11-2017، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی سەردانەكانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد.
دوای کۆبوونەوەکە دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەوە کرد کە دەکرێت ئێمە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هاودەنگ بین". گوتیشی: "سەردانەکانمان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان بەردەوامدەبن".
دواتر نێچیرڤان بارزانی لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "لهگهڵ مامۆستا سهلاحهدين محهممهد بههائهدین، ئهمینداری گشتیی یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونهوهيهكى بهرههمدارمان ههبوو، باسمان له دۆخى ئێستا و پێشهاتهكان كرد، بۆ تێپهڕاندنى دۆخهكه جهختمان له يهكڕيزى و تهبايى كردهوه".
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح